پرسی هەڵوەشاندنەوەی "ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی فیلییه‌كان" !

عه‌لی حسێن فه‌یلی / به هۆی به‌ركه‌وته‌ی ئاستەنگی دارایی و ئیداریی و گه‌نده‌ڵی حاشا هه‌ڵنه‌گرله دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان، ئایا هیچ ئومێدێک هەیە بۆ باشترکردنی بارودۆخی کوردانی فه‌یلی، سەرەڕای سنووردارکردنی ئاستی داواكاراییه‌كانیان ؟
بوونی لایەنە سیاسی و حکومی و ڕۆڵی ئەوان له پشتیوانی ئەم پرسه پێویست و گرنگه. هه‌رچه‌ند له رابردوودا وەک پێویست کاتیان بۆ ته‌رخان نه‌كردووه لێ ئه‌وانن دەتوانن ڕاستەوخۆ بچنە ناو پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری.
ڕووداو و چالاکییەکانی مانگی نیسان تاکە باس و یادی فەرمییه کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین هەوراز و نشێو بووەتەوە . پرۆسەیەک کە هەندێک جار بووەتە هۆی بڕیار‌و ڕووداوی کاریگەر و هه‌ندێك جار سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی جیاواز. پرۆسەكه سەخت و ئاڵۆزە و ڕەهەندی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت هەم لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات و هه‌م لە مامەڵەکردن لەگەڵ بزووتنەوە سیاسییەکان و دامه‌زراوه یاسایییه‌كان و ده‌زگاكانی جێبەجێکاری حكومه‌ت کە دەتوانێت له ئازار و کێشەکانی ئه‌م كاره‌ساته کەم بکاتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، یادکردنەوەی تراژیدیاكه به هیممه‌تی لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینزاو هه‌وڵی ئه‌و لایه‌ن و کەسانە بووە کە دڵسۆزانه بەشداربوون ، چ ئه‌وانه‌ی لەناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا کاریگەریی و هه‌ڵویستی باشیان هەبووه یان ئه‌وانه‌ی خۆبه‌خش و به پێی توانا هه‌وڵیان داوه و ناكرێ لە بیرهێنانه‌وه‌ی یاده‌كه ناوه‌كانیان بە ئاسانی پشتگوێ بخرێ.
پرۆسەی یادکردنەوە لە ساڵی 2004 بەدواوە به چه‌ند قۆناغی جیاوازدا گوزه‌ری كردووه و بەشداریی زۆر‌و كه‌می جەماوەر و ده‌سه‌ڵاتی پێوه دیاره .
له ئێستادا ژماره‌ی کەسایەتیه فه‌یلییه‌كان لە بواری سیاست و له‌ناو په‌رله‌مان و حکومەت كه‌م نین و بە پێی ئاستی پەرۆشی و به‌رپرسایه‌تی دەتوانن پاڵپشتی پرۆسه‌كه بن و هانی لایه‌نه‌كانی دیكه بده‌ن تا هه‌میشه ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌م یاده یەکێک بێت لە گرنگترین و کاریگەرترین و جیاوازترین بۆنه‌ی ناساندی كۆمه‌ڵ كوژیی له عیراق.
له‌گه‌ڵ هه‌وڵ و به‌رپرسیاریه‌تی ئێمه‌ی فه‌یلی ، به دڵنیایی بڕیار‌و هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت پاڵپشتێكى گه‌وره تر‌و کاریگەرترو پێویستتره بۆ باشتر پێناسه‌كردن و ناساندنی جینوسایدی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌وارو زیان بژێری سه‌رجه‌م تاوانكاریه‌كانی حكومه‌تی به‌عس.
له ئێستادا وا پێدەچێت دوای دامەزراندن و پێکهێنانی دەیان بنكه و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی فه‌یلی، کە هه‌ركامیان به‌سه‌رهات و چیرۆكی تایبەت بە خۆیان هەیە، له‌به‌ر زۆر هۆكار توانای ئەنجامدانی چالاکی بەکۆمەڵ له ئارادا نییه.
تەنانەت لەگەڵ هەموو تەحەدداكان، دادپەروەرانە هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێ ؛ خاڵی ئومێد ئه‌وه‌یه ئیدی ئیلتیزامی نه‌ته‌وه‌یی ناڕەزایەتی كوردانی فه‌یلی به ره‌وا ده‌بینێ و سیاسه‌تی ئایینزای شیعە، شاربه‌درو كۆمه‌ڵ كوژییان حه‌رام ده‌كات . واته پرسی هەڵوەشاندنەوەی "ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی فیلییه‌كان" له ئارادا نییه.
له‌گه‌ڵ ره‌چاوی دیدگاكان ده‌كرێ بۆ پاراستنی مافی ماددی و مه‌عنه‌ویی ڕزگاربووانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه كه خاوه‌نی زیاتر له 16 هه‌زار شه‌هیدی ناو نووسكراون له ده‌زگای شه‌هید هه‌وڵی زیاتر بدرێ.